Kurdistan

دانەگاز: بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێمی کوردستان بە رێژەی 6% زیادیکردووە

کۆمپانیای دانەگاز راپۆرتی نوێی دارایی کۆمپانیاکەی بۆ نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و بەپێی راپۆرتەکە، ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە لە هەرێمی کوردستان لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا 6٪ بەرزبووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 09-08-2023، کۆمپانیای دانەگاز رایگەیاند، پێشبینی دەکەن تاوەکو کۆتایی چارەکی دووەمی ساڵی 2024، پڕۆژەی پەرەپێدان و فراوانکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە بەبڕی 250 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە لە هەرێمی کوردستان تەواو ببێت.

دانەگاز کە یەکێکە لە هاوبەشەکان لە کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆلیۆم رایگەیاند، بەم دواییانە کۆنسێرتیۆمەکە 101 ملیۆن دۆلاریان وەک شایستە داراییەکانیان وەرگرتووە.

دانەگاز دەڵێت، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا قازانجی کۆمپانیاکە 83 ملیۆن دۆلار بووە کە بەراورد بە قازانجی نیوەی یەکەمی پار، 25٪ دابەزیوە، بەوپێیەی لە نیوەی یەکەمی پار 111 ملیۆن دۆلار قازانجیان هەبووە.

ئەو کۆمپانیایە هۆکاری دابەزینی قازانجی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بۆ دابەزینی نرخی نەوتی برێنت لەو ماوەیەدا بەراورد بە نیوەی یەکەمی پار گەڕاندووەتەوە و دەڵێت، “نیوەی یەکەمی پار، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت 107 دۆلار بووە، بەڵام نیوەی یەکەمی ئەمساڵ دابەزیوە بۆ 80 دۆلار.”

دانەگاز هەروەها باسی لەوە کردووە کە هۆکارێکی دیکەی دابەزینی قازانجەکانیان بۆ ئەو داشکانە دەگەڕێتەوە کە کۆمپانیاکە بۆ نرخی گازی کۆندێنسەیتی کۆمپانیاکەی کردووە، ئەو کاتەی کە بە لایەنی سێیەمی لە هەرێمی کوردستان فرۆشتووە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، دانە گاز جەخت لەوە دەکاتەوە بەشێک لە کەمبوونەوەی داهاتی کۆمپانیاکە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکەیە لە هەرێمی کوردستان و هەروەها کەمکردنەوەی خەرجییەکانییەتی کە بە رێژەی 15٪ قەرەبوو کراوەتەوە. دەشڵێت، “سەرەڕای وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکەمان وەک پێشتر بەردەوامبووە، لەبەرئەوەی بەرهەمەکانیان لەنێوخۆ بەکاردێت.”

پاتریک ئالمان وارد، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەگاز رایگەیاند، “ئەنجامەکانی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ، ئاماژەیە بەو ئاڵنگارییانەی کە کۆمپانیا نەوتییەکان رووبەڕووی بوونەتەوە بەهۆی دابەزینی نرخی جیهانیی نەوت.”

پاتریک دەشڵێت، “بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی دابەزینی نرخەکانی جیهانیی وزە، روویان کردووەتە کەمکردنەوەی خەرجییەکانیان و هەوڵدەدەن شایستە داراییەکانیان لە میسر و هەرێمی کوردستان وەربگرن.”

لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە، دانەگاز دەڵێت، لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە پڕۆژەیەکی فراوانکردنی بەرهەمهێنانیان جێبەجێکرد کە بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستان بە بڕی رۆژانە 50 ملیۆن پێی سێجاو بەوپێیەش تێکڕای ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە بەرزبووەوەتە بۆ رۆژانە 36 هەزار و 400 بەرمیل هاوتای نەوت.

https://www.rudaw.net/sorani/business/090820232