Kurdistan Masonry

رێککەوتن بۆ هەناردەکردەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان واژۆکرا

724506Image1

رێککەوتن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان واژۆکرا. بەپێی رێککەوتنەکە پۆستی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە کورد دەدرێت.

دوای 11 رۆژ لە وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیاری دادگای نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، ئەمڕۆ رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا واژۆکرا بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتەکە.

لەدوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە ئەمڕۆ بەمەبەستی ئەم رێککەوتنە بە سەرۆکایەتی شاندێک گەیشتبووە بەغدا، هەردوولا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا رێککەوتنەکەیان بە گرنگ وەسف کرد کە دەبێتە سەرەتایەک بۆ رێککەوتنی زیاتر.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی “سوود لەم رێککەوتنە وەردەگرین بۆ یاسای نەوت و گاز. بنەماکانی ئەم رێککەوتنە لە بودجە و یاسای نەوت و گاز رەنگ دەدەنەوە”.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە، مەسرور بارزانی گوتی “نییەتی ئێمە رێککەوت بووە. بە هەوڵی بەڕێز سوودانی ئەم رێککەوتنە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت و دەبێتە دەستپێکی هاوئاهەنگی زیاتر لەنێوان هەردوولا… ئەم رێککەوتنە گرنگە بۆ هەموو خەڵکی عێراق و دەبێتە بنەمایەک بۆ بودجە و یاسای نەوت و گاز”.

محەممەد شیاع سوودانی لە بەشێکی گوتەکانیدا لە کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەکە رایگەیاند “لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگەی پاریس، هەناردەکردنی نەوت راگیرابوو. راگرتنی هەناردەکردنی نەوت زیانی بە هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە”.

جەختیشی کردەوە “ئێمە لە خەمی ئەوەداین کورتهێنان لە بودجە زیاتر نەبێت”، هەروەها گوتی “ئەم رێککەوتنە لەسەر بنەمای راستگۆیی و کاری هاوبەش بوو بۆ چارەسەر”.