Kurdistan

زیاتر لە 214 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەرگیراوە

بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زیاتر لە 214 هەزار تۆن گەنمی ئەمساڵ لە جووتیاران وەرگیراوە؛ لە هەولێر زیاتر لە 40 هەزار تۆن؛ سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 100 هەزار و تۆن و لە دهۆکیش زیاتر لە 73 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەرگیراوە.

رۆژی شەممە، 17ـی حوزەیرانی 2023، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەلایەن سایلۆکانەوە بەردەوامە و زیاتر لە 214 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەرگیراوە.

بەگوێرەی داتای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، وەرگرتنی گەنم بەگوێرەی پارێزگاکان بەمێشێوەیە بووە؛ هەولێر 40 هەزار و 998 تۆن و 100 کیلۆ؛ سلێمانی و هەڵەبجە 100 هەزار و 267 تۆن و 380 کیلۆ و لە دهۆکیش 73 هەزار و 31 تۆن و 140 کیلۆ گەنم.

تاوەکو ئەمڕۆ وەزارەتی بازرگانیی عێراق 58 ملیار دیناری بۆ پارەی گەنمی جووتیاران ناردووە و لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستانەوە بەگوێرەی ریزبەندیی وەرگرتنی گەنمەکانیان، بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکرێت.

ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق لە رێگەی سایلۆکانەوە زیاتر لە 300 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت؛ لە پارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن؛ لە سلێمانی و هەڵەبجە 136 هەزار و 500 تۆن گەنم و لە دهۆک 52 هەزار و 195 تۆن.

ساڵی رابردوو بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، ئەمساڵ کە لە 27ـی ئایارەوە وەرگرتنی گەنم دەستیپێکردووە، بەرهەم زۆرە و بۆ وەرگرتنەکەی حکومەتی عێراق سنووری داناوە و دەڵێت: تەنیا 500 هەزار تۆن وەردەگرن و ئەوەی دەمێنێتەوە دەبێت جووتیاران لە بازاڕەکاندا ساخی بکەنەوە.

حکومەتی عێراق ئەمساڵ یەک تۆن گەنم بە 850 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگرێت؛ لە بازاڕی ئازادیشدا نرخی تۆنێک گەنم لە 700 بۆ 730 هەزار دینارە.

https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/170620236