Kurdistan

داهاتی نەوتیی مانگی ئابی عێراق نزیکەی 1.5 ملیار دۆلار لە خەمڵاندنەکانی بودجە زیاترە

سەرباری کەمبوونەوەی زیاتر لە 632 هەزار بەرمیل نەوت، بەراورد بە مانگی تەممووز داهاتە نەوتییەکانی مانگی رابردووی عێراق 6.3٪ زیادیکردووە. ئەو داهاتەی عێراق لە مانگی رابردوو بەدەستیهێناوە نزیکەی 1.5 ملیار دۆلار زیاترە لەوەی لە بودجەدا خەمڵێندراوە.

بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی، وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئابی 2023ـدا، 106 ملیۆن و 122 هەزار و 874 بەرمیل نەوتی لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)ـوە فرۆشتووە و، داهاتەکەی زیاتر لە 8 ملیار و 846 ملیۆن دۆلار بووە، لەکاتێکدا بەپێی وەزارەتی نەوت، لە مانگی تەمموزی رابردوو، 106 ملیۆن و 755 هەزار و 169 بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و داهاتەکەش زیاتر لە 8 ملیار و 293 ملیۆن دۆلار بووە.

بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، تێکڕای بەهای بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی عێراق 83 دۆلار و 35 سەنت بووە، لەکاتێکدا مانگی رابردوو، بە 77 دۆلار و 69 سەنت بووە. 

بڕی ئەو نەوتەی عێراق لە مانگی تەممووز هەناردەی کردووە، رۆژانە 3 ملیۆن و 444 هەزار بەرمیل بووە، لەکاتێکدا لە مانگی ئابدا 3 ملیۆن و 423 هەزار بەرمیل بووە، بەراورد بە مانگی تەممووز، 632 هەزار و 295 بەرمیل نەوت کەمتر هەناردە کراوە.

نەبیل مەرسوومی، شارەزای بواری ئابووری و مامۆستای زانکۆی بەسرە، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 3-9-2023) لەبارەی داهاتە نەوتییەکانی عێراقەوە بە تۆڕی میدیایی رووداو گوت “عێراق توانای بەرهەمهێنانی زیاترە لەوەی ئێستا، چونکە هەناردەی نەوتی بەپێی رێکخراوی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس بۆ دیاریکراوە، بەپێی زانیارییەکان عێراق، توانای بەرهەمهێنانی پێنج ملیۆن بەرمیلی هەیە لە رۆژێکدا.” 

یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، بەهای هەر بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی عێراقی بە 70 دۆلار خەمڵاندووە، بە تێكڕای هەناردەکردنی 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، کە بەو شێوەیە بێت، داهاتی مانگێکی نەوتیی عێراق 7 ملیار و  428 ملیۆن و 601 هەزار و 180 دۆلارە، بەڵام لە مانگی ئابدا عێراق رۆژانە 3 ملیۆن و 423 هەزار بەرمیلی فرۆشتووە، داهاتی رۆژانەی بەدەستهاتووش لە ئەنجامی ئەوەدا 8 ملیار و 846 ملیۆن دۆلارە، واتە 1 ملیار و 417 ملیۆن و 398 هەزار و 820 دۆلار زیاترە لەوەی لە بودجەدا دیاریکراوە.

https://www.rudaw.net/sorani/business/030920232 :سەرچاوە