Kurdistan

کشتوكاڵی عێراق بۆ رووداو: ئەم ساڵ 5 ملیۆن و 200 هەزار تۆن گەنممان وەرگرتووە

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، ئەم ساڵ باشووری کوردستان و عێراق زۆرترین بڕی گەنمیان لە مێژووی خۆیاندا بەرهەمهێناوە. دەشڵێت، “لە گەنمدا گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی کە عێراق پێشتر پێی نەگەیشتبوو.” 

رۆژی یەکشەممە، 13-8-2023، محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “وەرزی ئەمساڵی دروێنە و وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کۆتاییهاتووە. ئەم ساڵ بڕی 5 ملیۆن و 200 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی سەرجەم پارێزگاکانی عێراقمان وەرگرت، لەنێویدا گەنمی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کە نزیکەی 500 هەزار تۆن بوو”.

محەممەد خوزاعی گوتی، “ئەوە زۆرترین بڕی بەرهەمهێنانی گەنمە کە عێراق لە مێژوودا پێی دەگات کە دەگاتە ئاستی خۆبژێوی، ئەوە جگە لە بوونی بڕێکی دیکەی گەنمی کۆگاکراو.”

لەبارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانیش، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتی، “ئەم ساڵ گەنمێکی زۆرمان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەرگرت و ئەوەش کاریگەری لەسەر زیادبوونی بەرهەمی ئەم ساڵ هەبوو”.

ئەو قسانەی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ لەکاتێکدایە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، “ئەم ساڵ زۆرترین گەنم لە مێژووی عێراق بەرهەمهاتووە. پێشتر کۆگاکانی ئێمە بەتاڵ بوون، بەڵام لە رێگەی پلانێکەوە توانیمان بگەینە ئەو ئاستەی بڕێکی زۆر گەنمان لەبەردەست بێت؛ یەکەمیان کڕینی ملیۆنێک و 200 هەزار تۆن گەنمی ئەمریکی و ئوسترالی و کەنەدی؛ دووەمیشیان پشتیوانیکردنی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی خۆمان بوو بۆ ئەوەی بۆ دابینکردنی ئاردی هاووڵاتییان تەرخان بکرێت.”

ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت. ئەو بڕەش بەلای وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستانەوە کەمە و دەڵێن، زیاتر لە 200 هەزار تۆنی دیکەی گەنمی جووتیاران ماوە.

حکومەتی عێراق بۆ هەر تۆنێک گەنم 850 هەزار دینار بێ رەچاوکردنی جۆرەکەی دەدایە جووتیاران، بەڵام ئەوەی ماوەتەوە لەبازاڕدا کەمتر لەو نرخە ساخ دەبێتەوە.